وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەنگۆی دروستکردنی
"بنکەیەکی سیخوڕی" لە نێو باڵیۆزخانەی روسیا لە شاری دبلنی پایتەختی ئیرلەندا
رەتکردەوە، کە لەلایەن دەزگا میدیاییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکرابووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ی شوباتی ٢٠٢١، ئاژانسی
هەواڵی "نۆفۆستی" روسی لە زاری سەرچاوەیەکی نێو وەزارەتی دەرەوەی روسیا بڵاویکردەوە:"باڵیۆزخانەی روسیا لە دبلن
سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەیەتی، چونکە ئەو باڵەخانەیە کە زیاتر لە سەدەیەکە
دروستکراوە بچوکە و پێویستە لە پێناو رێکخستنی کاری دیبلۆماتکارەکانیان نۆژەنبکرێتەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە:"نۆژەنکردنەوەی
باڵەخانەکە بە شێوەیەکی شاراوە نەبووە و حکومەتی ئیرلەندا زانیاری لەسەر پرۆژەکە
هەبووە و وەزارەتی دەرەوەی ئیرلەندا و دەزگا میدیاییەکان دەتوانن سەردانی
باڵیۆزخانەکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن چی دەگوزەرێت".