پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە
لە بنکەیەکی تەندروستی چەمچەماڵ ئەنجامی پشکنینی پیاوێکی تەمەن ٥٧ ساڵان بە
دوو گیان دەرچووە، بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ی شوباتی ٢٠٢١، فەرهاد محەمەد،
بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە BMC راگەیاند:"دەنگۆی دەرچوونی پشکنینی میزی پیاوێک لە بنکەیەکی تەندروستی چەمچەماڵ بە
دوو گیان دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە".
ناوبراو راشیگەیاند:"دەبوو ئەو کەسانەی
ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردووەتەوە بەرپرسیارانە مامەڵەیان بکردایە و ئەگەر هەر هەڵەیەکیش
لە ئەنجامی پشکنینەکان هەبێت با بێن سکاڵا تۆمار بکەن و ئێمەش رێوشوێنی خۆمان
دەگرینەبەر".
ئاماژەی بەوەشکرد:"ئەو کەسانەی لەپشتی
بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانەن پێشتر بەهۆی گەندەڵییەوە لە بەڕێوەبەرایەتی
تەندروستییەوە چەمچەماڵ دوورخرابوونەوە و ئێستا دەیانەوێت بەڕێوەبەرایەتییەکە
لەبەرچاوی خەڵک ناشرین بکەن".