شێروان میرزا: پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢١ بەهەندێک گۆڕانکارییەوە پەسەند دەکرێت

کوردستان 18/02/2021

Alternate Text

شێروان میرزا ئاشکرایکرد کە تاوەکو ئێستا لایەنە شیعەکان لەسەر داواکەی هەرێم بۆ پەسەندکردنی پشکی هەرێم وەک ئەوەی لە حکومەتدا دیاریکراوە وەڵامی کۆتایی نەداوەتەوە، بەڵام هەردوولا لەسەر گۆڕانکاری لە هەندێک لە بڕگەکان رێکدەکەون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی شوباتی ٢٠٢١، شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند:"داوامان لە لایەن شیعەکان کردووە پشکی هەرێم وەک ئەوەی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە رەوانەی پەرلەمانکراوە پەسەندبکرێت، تاوەکو ئێستاش دیار نییە کەی وەڵامان دەدەنەوە و کەی پرۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام هەردوولا لەسەر هەندێک گۆڕانکاری لەو پڕگانەی لە پرۆژە یاساکەدا هەن رێکدەکەون".
ناوبراو راشیگەیاند:"ئەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ ماوە تەنها پشکی هەرێم و هەندێک وردەکاریە، پاش یەکلایی بوونەوەی ئەو پرسانە بودجەکە لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە".
بە گوێرەی رەشنووسی پرۆژە یاسای ساڵی ٢٠٢١ی عێراق کە تاوەکو ئێستا لە پەرلەمان پەسەندنەکراوە، حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر وەرگرتنی ١٢.٦٧٪ کۆی گشتی بودجەی عێراق، پێویستە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نانەوتییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵ بکات، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەندێک گۆڕانکاری لە ژمارەکان رێکدەکەوەن.

شایەنی باسە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبەغدایە و ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا