لە ئەنجامی بوومەلەرەزەیەکی بەهێز لە پارێزگاکانی کۆهکیلویەی و بویر ئەحمەدی لە ئێران دەیان کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە برینداربوونە.
بە پێی هەواڵێکی بی بی سی فارسی:" بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٥.٦ پلەی رێختەر لە نێوان شاری یاسوج و سی سەخت روویداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٨٠ کەس برینداربوون و دۆخی تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە".
ئاماژە بەوەشکراوە:"ناوەندی لەرزەناسی تاران قووڵی بومەلەرزەکەی بۆ هەشت کیلۆمەتر گەڕاندەوە کە بووەتە هۆی رووخانی خانوو و ماڵوحاڵی بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە، بەهۆی رێژەی بارانبارین زۆریشەوە گەیاندنی هاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی ئەو ناوچەیە بە خەڵک قورستر بووە".
ئەوەشخراوەتەڕوو:"بومەلەرزەکە بووەتە هۆی داڕمانی شاخ و چیای ناوچەکە و ریگاکانی نێوان شارەکانی یاسوجەوە و سی سەختی داخراون".
هاوکات، بە پێی ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانی:" تاوەکو ئێستا کارەبای ناوچەکە بڕاوە و بەهۆیەوە پرۆسەی گەڕان بە دوای بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە قورستر بووە و دانیشتوانی ئەو ناوچانەش لە ترسی دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزەکە لە دەرەوەی ماڵەکانیان و لە ژێر باراندا ماونەتەوە.