بافڵ تاڵەبانی: کۆمەڵی دادگەری کوردستان رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم

کوردستان 19/02/2021

Alternate Text

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری کوردستانەوە پەیامێکی ئاڕاستەی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە  کرد.

ئەمڕۆ هەینی ١٩ی شوبات، بافڵ تالەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کورستان رایگەیاندووە:" کۆمەڵی دادگەری کوردستان رۆڵی گرنگی بینیوە لە بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم،بەستنی كۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری و قەیران بووەتەوە و لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەكێتییەكی نیشتمانی هەیە".
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان..

بەناوی یەزدانی مەزنەوە
برای بەڕێزمان مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.
بەڕێزان لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بەبۆنەی بەستن و سەرکەوتنی چوارەمین كۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و هەڵبژاردنەوەی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر وەك سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین.
بەستنی كۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری و قەیران بووەتەوە و لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە یەكێتییەكی نیشتمانی، لێکتێگەیشتن و زمانی ھاوبەش ھەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان تاوەكو پێکەوە خزمەتێکی شایستەتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و داکۆکی لە مافە دەستووریی و یاساییەکانمان بکەین.
کۆمەڵی دادگەری لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا رۆڵی گرنگ و هاوسەنگی بینیوە و بەشداربووە لە بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێم، کە ئەمەش جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە.
ئەمڕۆش دوای سەرکەوتنی کۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان ئەرکی سەرشانتان قورسە و ئومێدەوارین ھەمان رۆڵی رابردوو ببین و هاندەرێکی باشتربێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی سیاسیی نێوانمان و سەرخستنی ئیرادەی چاکسازی راستەقینە و زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و پێداچوونەوە بە سیستمی بەڕێوەبردن و باشکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی لامەرکەزی و گەڕانەوەی متمانە لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا.
لەم بۆنەیەدا بەدەرفەتی دەزانم جەختبكەمەوە ئێمە لە سەرۆکایەتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ھێزە سیاسییە کوردییەکان دەڕوانین و لەگەڵ ئەوەداین پێکەوە ھەموومان ئەزموونی ھەرێمەکەمان باشتربکەین و جیاوازی سیاسی و بۆچوونە جیاوازەکانیشمان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو پێکبھێنین و یەک پەیامی نەتەوەیی ئاڕاستەکراوی کوردستانی بگەیەنینە بەغدا و ناوچەکە. بەرژەوەندی خەڵک و ژیان و گوزەرانیان خەمی لەپێشینەی کارکردنمان بێت و چیتر رێگەنەدەین بەرژەوەندی حزبی، ململانێی سیاسی بڕیار لە چارەنووس و بژێوی ژیانی خەڵک بدات. بۆ ئەوەش ھیمەت و رۆڵی بەڕێزتان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە گرنگ دەزانین.
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین
شاد و سەرفرازبن
براتان
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا