لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەکانی ئەم توێژە دابەشدەکرێت

کوردستان 20/02/2021

Alternate Text

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ی شوباتی ٢٠٢١، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە:"د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا بڕی نیوەی پارەی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ بۆ هەموو ئەو جوتیارانەی کە ناویان لە لیستەکاندا تۆمارکراوە دابەشدەکرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە:"هەردوولا جەختیانکردوە لەسەر چڕکرنەوەی هەوڵەکان لە پێناو خەرجکردنی تەواوی ماندووبوون و شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم لە قۆناغی داهاتوودا".
شایەنی باسە، مانگی رابردوو بەمەبەستی زامنکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ کۆبوونەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا