دوای ئەوەی یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندن دەنگۆی دەستێوەردانی حزبی لە دادگای سلێمانی بڵاوکردەوە، دادگاکە سەرجەم هەواڵەکانی رەتکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢١، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی لە راگەیاندنێکدا دەنگۆی دەستێوەردانی حزبی لە دادگاکەدا رەتکردەوە کە ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەیە:
روونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی
لە دەزگایەكی راگەیاندنی سەربە یەكێك لە حزبەكان، ھەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە، كە لێدوانێكی پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستانە، گوایە؛ حزب دەستی بەسەر دادگای سلێمانیدا گرتووە.
ئێمە وێڕای نیگەرانیمان و بەتوندی رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتە بێبنەمایانە، بۆ ھەموولایەكی دووپاتدەكەینەوە؛ وەك سەرۆكایەتی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بەھیچ شێوەیەك لە كاری پیشەیی و سەربەخۆیی و بێلایەنی و دادگەری لامان نەداوە و دەستێوەردانیشمان ھەرگیز قبوڵ نەكردووە و ھەوڵی لەوجۆرەش نەبووە.
ھەر بۆیە، داوا لەو دەزگایە و ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە دەكەین، ھەوڵی ئەوە نەدەن ناو وناوبانگی سەرۆكایەتیمان و دادگاكانمان لەكەدار بكەن و بمانخەنە ھاوكێشەی ململانێ سیاسییەكانەوە كە پەیوەندی بە كاری ئێمەوە نییە، چونكە بەدڵنیاییەوە سەركەوتوو نابن و ناتوانن ببنە بەربەست لەڕێڕەوی كارەكانمان.
وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی