بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاودێری چڕ لە هەولێر دەکرێتەوە، کە نزیکەی ٤٠ قەڕەوێلە لەخۆ دەکرێت و لەئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی توشبووان بە کۆرۆنا بەکاردەهێندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢١ی شوباتی ٢٠٢١، دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری
تەندروستی هەولێر رایگەیاند:"ئەو پێنج حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕاوەی ئەمڕۆ لە هەولێر تۆمارکراون تەمەنیان لە نێوان ٢٠ تا ٤٠ ساڵانە و لە هەردوو رەگەزی نێر و مێن".
ناوبراو راشیگەیاند:"بەدواداچون کراوە بۆ ئەوەی بزانین سەرچاوەی توشبوونی ئەو کەسانە بەو ڤایرۆسە نوێیە کوێ بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"کیتی پێویست بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە تاقیگەکانی هەولێر دابینکراوە و بە پێی داتا جیهانییەکان ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا خێرایی بڵاوبوونەوەی زیاترە بەراورد بە کۆڤید ١٩، بەڵام زۆربەی نیشانە و چارەسەرەکانیان هاوشیوەی یەکترن".
ئەوەشیخستەڕوو:"بەراورد بە چەند مانگی رابردوو رێژەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، پێشتر رۆژانە نزیکەی ١٥ توشبووی نوێ تۆمار دەکرا، بەڵام ئێستا نزیکەی ٥٠ توشبوو لە رۆژێکدا تۆمار دەکرێت".