مەسرور
بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی
فیدراڵی، لە سەر بنەمای دەستوور کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان لە سەر داوە، بە
شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن و رێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢١ی شوباتی ٢٠٢١،
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەرواێزی وتارێکدا لە مەراسیمی شەهیدانی
عێراق رایگەیاند:" خەڵکی کوردستان سەدان هەزار شەهیدی لە پێناو نەهێشتنی
دیکتاتۆری و هاتنەئارای عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵدا داوە و ناکرێ ئەو هەموو
قوربانیدانەی خەڵکی کوردستان لە بیر بکەین".
دەقی وتارەکە
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێز سەید عمار الحکیم ،
ڕێبەری ڕەوتی حیکمە :
میوانان و ئامادەبووانی
بەڕێز:
خۆشحاڵم کە بەناوی سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێزدار مەسرور بارزانی لەم کۆڕی ماتەمینییەدا بەشدارم
کە بۆ وەبیرهێنانەوە و ڕێزگرتنە لە شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵای عوزما محەمەد باقر
الحکیم کە یەکێک بوو لە پیاوە مەزنەکانی عێراق و نموونەی خەباتکارێکی ئازابوو لە
دژی زۆرداریی و هەموو ژیانی خۆی ، لە پێناو کۆتایی هاتنی زوڵم و ستەم و
دیکتاتۆریەت لە عێراق تەرخان کرد و شەهید بوو.
بۆیە ئەمڕۆ بە شکۆوە، یادی
ئەم مرۆڤە مەزنە دەکەینەوە کە لەدەستدانی، زیانێکی گەورە بوو بۆ گەلانی عێراق .
ئامادەبووانی بەڕێز :
ئەمڕۆ ئەم یادە ماتەمینیەی
شەهیدانی عێراق ، پێویستە هاندەرێکی زیاترمان بێت، لە پێناو ڕێزگرتن لە هەموو ئەو
بەها پیرۆزانەی کە ئەم شەهیدانە، قوربانیان لە پێناویدا و شەهیدبوون ، کە
ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری و کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانی گەلانی عێراق و
سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دیموکراتی و فیدرالییە لە عێراق.
بەداخەوە ئەمڕۆ عێراق،
بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت و پێویستە پێداچوونەوەیەکی جیددی بە سیستەمی
سياسیی و حوکمڕانی لە عێراقدا بکرێت و ڕێز لە خواست و ماف و داوا ڕەواکانی پێکهاتە
جیاوازەکانی عێراق و لە نێویشیاندا گەلی کوردستان بگیرێت، لە سەر بنەمای لە
بەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوسەنگی و شەراکەت و سازان .
خەڵکی کوردستان سەدان هەزار
شەهیدی لە پێناو نەهێشتنی دیکتاتۆری و هاتنەئارای عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵدا
داوە و، ناکرێ ئەو هەموو قوربانیدانەی خەڵکی کوردستان لە بیر بکەین.
بۆیە پێویستە کێشەکانی
نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە سەر بنەمای دەستوور کە زۆرینەی
عێراقییەکان دەنگی لە سەر داوە ، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن و ڕێز لە
قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت.
بێگومان چارەسەرکردنی
کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لە بەرژەوەندی هەموو
هاووڵاتییانی عێراقدایە و هێز و لایەنە عێراقییەکان، پێویستە بە چاوێکی دۆستانە لە
هەرێمی کوردستان بڕوانن و بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان، بە بەهێزبوونی
پێگەی عێراق بزانن ، چونکە هەرێمی کوردستان وەک چۆن لە سەردەمی ڕژێمی دیکتاتۆری
پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی عێراق ، ئێستاش بە
هەمان شێوە ، باوەشی گەرمی بۆ سەدان هەزار ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق کردووەتەوە و
بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتکردنیان، تا ئەوکاتەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە
دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
ئامادەبووانی بەڕێز :
هەرێمی کوردستان هەمیشە
فاکتەرێکی سەقامگیریی بووە لە عێراقدا، بۆیە پێویستە لایەنە عێراقییەکان،
هەڵوێستێکی دۆستانەیان بەرامبەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان
هەبێت. چونکە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بەهێزبوونی هەموو عێراقە.
ئێمە هەمیشە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەربڕیوە کە تەنیا پەیوەست نین بە مووچە و بودجە و
کێشەی داراییەوە، بەڵکو پێویستە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تریش، وەک
جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و نەوت و
گاز و پێشمەرگە و کێشەکانی تر، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور
چارەسەر بکەین.
لە کۆتاییدا سڵاو لە گیانی
پاکی شەهیدی میحراب و سەرجەم شەهیدانی عێراق و کوردستان .