سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
و باس لە چەواشەکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لایەن چەند کەسێکەوە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی شوبات، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی
هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە:" چەند کەس و لایەنێک دەستیان کردووە
بە شاڵاوێکی ناڕەوا بۆسەر دەزگاکەیانکردووە و دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان
چەواشە بکەن و بە لاڕێیاندا ببەن".
دەقی بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم:
بەیاننامەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستانی عێراق
لاى هەمووان ئاشكرايه كه دەزگای داواکاری گشتی دەزگایەکی یاسایی سەربەخۆیە و رۆڵی بەرچاوی هەیه له پاراستنی سەروەری یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێ کردنی یاسا بەڵام ماوەیەکه چەند كەس و لایەنێك دەستيان كردوە به شاڵاوێكی ناڕەوا له دژی ئەم دەزگایە و ئەندامەکانی و هەوڵ دەدەن خەڵكی هەرێمى كوردستان چەواشە بکەن و بەلارێدا بیانبەن و تانه له سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا یاسایی و شەرعییەکان دەدەن له كاتێكدا دەزگای داواکاری گشتی وەکو سەربازێكی وون شەو و ڕۆژ کار دەکات له پێناوی سەروەری یاسا و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی خوشەویست، بەهیچ شێوەیەك كۆڵ نادەین له راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمان و هەموو لایەك دڵنیا دەكەينەوه كه درێژەپێدەری كارەكانمان دەبين له چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و پارستنی قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان.
سەرۆكایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان
يەكەی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی