تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی رەخنەی توند لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەگرێت و دەڵێت ڤایرۆسە نوێیەکە تەشەنە دەسەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢١، تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:" ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی نەک گومان بەڵکو دڵنیان کە ڤایرۆسەکە تەشەنە دەسەنێت و تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی ناتوانن کۆنترۆلی بکەن".
دەقی راگەیاندراوەکەی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی و رەخنەکانی لە وەزارەتی تەندروستی:
تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی لەبارەی کۆرۆناوە رەخنەی توند لە وەزارەتی تەندروستی دەگرێ
ئەمرۆ ٢٠٢١/٢/٢١ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا د. دلۆڤان محمد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ڕایگەیاند: لەئێستادا ٥ حاڵەتی نوێی تووشبون بە ڤایرۆسی نوێ كۆرۆنای كۆڤید ١٩ تۆماركراوە.
ناوبراو هەروەها وتی گەر تەشەنە بسێنێت ڕەنگە نەتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی نەک گومان بەڵکو دڵنیان کە ڤایرۆسەکە تەشەنە دەسەنێت و تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی ناتوانن کۆنترۆلی کەن.
وەزارەتی تەندروستی لە ئێستادا شکستیهێناوە لەوەی هۆشیاری تەواوەتی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە بڵاوکاتەوە؛ هاوکات نەخۆشخانەکانی وەزارەت بێ خزمەت و دەرمانن، سەرباری هەموو ئەمانەش وەزارەتەکە نەیتوانی تاوەکو ئێستا تاقە یەک جورعەی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دابینبکا.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە لە کاتێکدا دلوڤان محمد ڕاستگۆیانەتر دەڵێ ڤایرۆسەکە لە دەستدەردەچێ بەڵام سەباح هەورامی بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی زۆر گەشبینە و گوایە وەکو خۆی دەڵێ دۆخەکە لە دەستدەرناچێ.
ئەم جیاوازییە لە لێدوانەکانی بەرپرسە تەندروستیەکان سەرشێوان و نارۆشنی لای خەڵک دروستدەکات. هاوکات ئەوەش دەردەخات کە سیاسەتێکی گشتگیر لە لایەن وەزارەتی تەندروستی بونی نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا. لەهەمو ئەمانەش خراپتر پێدەچێ بەرپرسە تەندروستیەکان بۆ مەرامی سیاسی و ناوچەیی هەر یەکەو لە ئاوازێک بخوێنن.
ئێمە داوا لە بەرپرسە تەندروستیەکان دەکەین لە پێش ئەوەی قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان و خەڵک بکەن، هیچ نەبێ لەناو خۆیانا کۆبنەوە و لەسەر ڕایەک رێککەون.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشیاریدەدات کە کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی شەپۆلێکی تازەی کۆرۆنایە و پێویستە هاوڵاتیان بە هوشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسیە بکەن.
تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی