خوێندکارێک داوای ١٠٠ ملیۆن دینار قەرەبووکردنەوە لە زانکۆی کەرکوک دەکات

ڕاپۆرت 21/02/2021

Alternate Text

پاش چەندین ساڵ لە هەوڵ و کۆششی بەردەوام، محەمەد عیسمەت قۆناغی شەشی ئامادەیی بە پلەی نایاب بڕی و لە ساڵی ٢٠١٥ لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی کەرکوک وەرگیرا، بەڵام پاش دوو ساڵ وەک خۆی دەڵێت "بەهۆی پۆستێکی فەیسبووکەوە" لەلایەن سەرۆکایەتی بەشەکەیەوە فەسڵکرا و پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی کەیسەکەی لە دادگا بردەوە، ئێستاش داوای ١٠٠ ملیۆن دینار وەک قەرەبووکردنەوە لە زانکۆی کەرکوک دەکات.

محەمەد لە ساڵی ٢٠١٧ پاش بڕینی قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی، لە پشووی هاوینەدابوو و سەرقاڵی خۆئامادەکردن بوو بۆ دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی خوێندن، بەڵام بڕیاڕی فەسڵکردنی بە بیانووی سوکایەتیکردن بە مامۆستا و پسپۆڕانی کۆلێژەکەی لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە، توشی شۆکی کرد.

ئەو خوێندکارە کە دوو جار کەیسەکەی لە دادگا بردووەتەوە، بۆ BMC دەڵێت:" تەنها لەبەر ئەوەی لە هەژماری تایبەتی خۆم لە فەیسبوک رەخنەم لە دکتۆر و مامۆستایانی بەشەکەم گرت و بە "لەخۆبایی" ناویانمبرد، ئاگادارکرامەوە کە بۆ ساڵێکی خوێندن فەسڵکراوم و پێویستە قۆناغی دووەم دووبارە بخوێنمەوە، پاشان لە دادگای ئیداری بەغدا سکاڵام دژ بە کۆلێژەکەم تۆمارکرد و تێیدا دادگا بڕیاری فەسڵکردنەکەمی هەڵوەشاندەوە و دووبارە دەستم بە خوێندن کردەوە".

"سەرباری بڕیارەکەی دادگا، پاش ماوەیەکی کەم دووبارە بە بڕیارێکی دیکەی سەرۆکایەتی بەشەکەم فەسڵکرامەوە و جارێکی دیکە سکاڵایەکی دیکەم لەهەمان دادگا تۆمارکرد و دووبارە کەیسەکەم بردەوە و بڕیاری فەسڵکردنەکەم هەڵوەشایەوە، بەڵام مامۆستایانی بەشەکەم بەردەوام بوون لە دژایەتیکردنم، بەوهۆیەوە ناچاربووم لە زانکۆی کەرکوک واز لە خوێندن بهێنم و ئێستا لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵاتی تورکیا لە کۆلێژی پزیشکی دەخوێنم" ئەو خوێندکارەی پێشووی زانکۆی کەرکوک وای بە BMC وت.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر ئەو رووداوانە، محەمەد عیسمەت جارێکی دیکە هاتووەتەوە بە نوسراوێک کە ئاڕاستەی دادگای کەرکوکی کردووە، بە بیانووی "ناوزڕاندن"ی لە لایەن سەرۆکایەتی کۆلێژەکەیەوە، داوای ١٠٠ ملیۆن دینار وەک قەرەبووی ماددیی لە زانکۆی کەرکوک دەکات، کە بڕیارە سبەی دووشەممە، ٢٢ی شوباتی ٢٠٢١ لە دادگا یەکلایی بکرێتەوە.

هەرچەندە بە پێی نوسراوێکی دادگای ئیداری بەغدا کە دەستی BMC کەوتووە، ئەو خوێندکارە لە ساڵی ٢٠١٧ کەیسەکەی بردووەتەوە، بەڵام سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک ئەو بابەتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت" زانکۆی کەرکوک کەیسەکەی بردەوە و ئەو کەسەش بۆ وەرگرتنی پارە وایکردووە".

سەباح ئەحمەد، سەرۆکی زانکۆی کەرکوک بە BMC وت:"پێشتر ئەو کەسە بەهۆی سوکایەتیکردن بە مامۆستا و کارمەندانی کۆلێژی پزیشکی دۆسیەکەی لە دادگا دۆڕانبدبوو، ئێستاش بەمەبەستی وەرگرتنی پارە ئەو کەیسەی هەڵداوەتەوە و بە بیانووی قەرەبووکردنەوە داوای بڕی ١٠٠ ملیۆن دینار دەکات و سبەی ئەو دۆسیەیە لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە".

"ئەو کەسە مافی خۆیەتی سکاڵا تۆمار بکات، سبەی نوێنەری یاساییمان لە دانیشتنەکەی دادگا ئامادە دەبێت و دادگا هەر بڕیارێک بدات ئامادەی جێبەجێبکردنی دەبین" سەرۆکی زانکۆی کەرکوک وای وات.
بە پێی بڕگەی یەکی ماددەی ٢٠٥ی ساڵی ١٩٥١ یاسای مەدەنی عێراقی، هەر کەسێک یاخود لاینەنێک دەستدرێژیکردە سەر ئازادی، یاخود شەرەف، یان بووە هۆی ناوزڕاندن و کاریگەری خستەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی کەسێکی دیکە، بەرپرسە لەوەی قەرەبووی ماددی کەسە قوربانییەکە بکاتەوە.

ئاری جەباری، پارێزەر لە دادگای کەرکوک بە BMC راگەیاند:" لەئەگەری پێشکەشکردنی داوای قەرەبووکردنەوەی ماددی لەلایەن کەسی قوربانییەوە، کەسانی پسپۆر لە بواری ئابوری لە دادگاکاندا هەن و ئەوان بە پێی رێژەی زیانەکان و جۆری دۆسیەکە رێژەی قەرەبووکردنەوەی کەسە قوربانییەکە دیاری دەکەن".

ئەو پارێزەرە زیاتر روونیکردەوە:" بڕی ئەو ١٠٠ ملیۆن دینارەی کە ئەو خوێندکارەی پێشووەی زانکۆی کەرکوک وەک قەرەبووکردنەوە دیاریکردووە، ئەگەر دادگا بڕیار لە بەرژەوەندی ئەو بدات، دەکرێت گۆڕانکاری لە رێژەی قەرەبووکردنەوەکە بکرێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا