سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بەشی راگەیاندن هیچ کێشەیەکی زانستی نەبووە، بەڵام بەدواداچوون دەکەن بۆ حاڵەتەکە.
مەهاباد کامل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە BMC راگەیاند:" پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی بەشی راگەیاندنی زانکۆکەمان، لەرووی زانستییەوە هیچ هەڵەی نەبووە، بابەتەکە مەبەست لێی لە ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی بووە، بەڵام ئەمە لەرووی کلتوری و کۆمەڵایەتییەوە جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە".
ئاشکراشیکرد:" پرسیارەکان لەلایەن لیژنەی تاقیکردنەوەکانەوە بیندراوە، ئێمەش ناتوانین سانسۆر بخەینە سەر ئەو پرسیارانەی مامۆستاکان دایدەنێین، بەڵام بەدواداچوونەکانمان لەسەر دروستبوونی حاڵەتەکە و چۆنێتی دزەکردنی پرسیارەکان بۆ دەرەوە بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، وێنەیەکی تاقیکردنەوەکانی بەشی راگەیاندنی زانکۆی هەڵەبجە بڵابوونەوە کە لە یەکێک لە پرسیارەکاندا باسی جلی ژێرەوەی کچە مۆدێلەکان و قسەی"نەشیاو"ی تێدا بەکارهاتووە، ئەمەش بووە بابەتی گەرمی ناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.