فوئاد مەعسوم لەبارەى قسەکانی کچەکەیەوە روونکردنەوە دەدات

کوردستان 22/02/2021

Alternate Text

ئەمڕۆ، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لەبارەی ئەو قسانەی کە کچەکەی لە ماوەی پێشوودا وتبووی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢١، نوسینگەی راگەیاندنی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق رایگەیاند :"شیرینی کچی د.فوئاد مەعسوم هەرگیز هیچ پۆستێکی لە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار و نە پێشتر و نە دواتر لە هیچ جومگەیەکی نزیکی باوکیەوە نەبووە و ئەو قسانە هەمووی دوورن لە راستیەوە کە گوایە لە سەرۆکایەتی کۆمار پۆستی هەبووە".

لە راگەیاندنەکەشدا هاتووە :"ماوەیەکە بە رەوا و ناڕەوا هێرشێکی نامەنتیق دەکرێتە سەر د.فوئاد مەعسوم، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرکردەی رۆژانی خەباتی شار و شاخ و ماندوبونیان، بەهۆی لێدوانی شیرین فوئاد مەعسومی کچیەوە".

ئەوەش وتراوە:" بە هەموولایەکی رادەگەینین کە د.فوئاد مەعسوم نەک هەرلەگەڵ ئەو جۆرە لێدوان و قسانە نییە و دورە لە بۆچوون و راو کەسایەتی ئەوان، زۆربەی کاتیش دژو ناهاوڕا بووە لەگەڵ ئەو جۆرە بۆچوونانە کە بەداخەوە بەشێک لە راگەیاندنەکانیش بەمەبەست و بۆ ناشیرینکردنی خەباتی پاک و نەزیهی د.فوئاد تەرویجی ئەومەسەلانە دەکەن".

نوسینکەی فواد مەعسوم جەختی کردووەتەوە کە "بۆ چەندەمین جاریش بەهەموو لایەکی رادەگەیەنینەوە کە شیرین خانی کچی د.فوئاد مەعسوم هەرگیز هیچ پۆستێکی لە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمار و نە پێشترو نە دواتر لە هیچ جومگەیەکی نزیکی باوکیەوە نەبوە و ئەو قسانە هەموی دوورن لە راستیەوە کە گوایە لە سەرۆکایەتی کۆمار پۆستی هەبووە".

لەکۆتایشدا دەشڵێت:" شیرینی کچی فوئاد مەعسوم وەک هەرکەسێکی تر ئازادە هەڵگری چ بیروباوەڕێک و چ ئایدیایەکە و ئەوەش لەهەموو دنیا شتێکی ئاسایی و یاساییە ، و دکتۆر فوئاد چەندین جاریش ئەوەی دوپاتکردۆتەوە کە کچەکەی بەڕێزیان لەتەمەنێکی گەورەدایە و خاوەنی ماڵ و هاوسەری خۆیەتی و لەوڵاتێکی تر دەژیت و فوئاد مەعسوم زۆر هەوڵیشیداوە کە بۆچون و روئیایەکانی واقعی بن و واز لەو جۆرە لێدوانانە بهێنێت کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دونیابینی ئەو یەک ناگرێتەوە ، بەڵام کچەکەی لەتەمەنێکدا نیە کە ئاڕاستە بکرێت و خۆی ئازادە لە چ حزبێکدا کاردەکات و چی دەڵێت". 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا