عەلی حەمەساڵح: بە سێ مەرج حکومەت دەتوانێت بێ لێبڕین مووچە دابەشبکات

کوردستان 23/02/2021

Alternate Text

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند. حکومەتی هەرێم بە سێ مەرج دەتوانێت مووچە بێ لێبڕین دابەشبکات.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢١، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێکدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند:" ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی ٤٦٤ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەهێنێت، ئەو داھاتەشی دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە ٢٢٥ ملیۆن دۆلارە، بەمەش لە ھەر بەرمیلێک ١٦،١٦ دۆلار دەمێنێتەوە.
وتیشی:" بە ھەموو پێوەر و لێکدانەوەکان ئەم بڕە زۆر کەمە، ھۆکارەکەشی بۆ گەندەڵی و گرێبەستە خراپەکان دەگەڕێتەوە.

لەبارەی هۆکاری مانەوەی ئەو بڕە کەمە، ناوبراو گەڕاندیەوە بۆ سێ هۆکار؛ ئەوانیش: 
١- بە نزیکەی ١٢ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت نەوتەکە فرۆشرا، ئەمەش داشکاندنێکی ئێجگار زۆرە، تاوەکو ئێستا میکانیزمی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ناڕوونە و پێویستی بە پێداچوونەوەیە.
٢- کرێی بۆری، ساڵی ٢٠١٩ بۆ ھەر بەرمیلێک ٨ دۆلار زیاتر بووە و سالی ٢٠٢٠ بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ٦ دۆلار کەمی کرد، ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە.
٣- شایستەی دارایی و قازانجی کۆمپانیا نەوتیەکان، بەھۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی و گرانی و قۆرخکاری لە خزمەتگوزاری بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان و سکوێرتی کێڵگە نەوتییەکان و سیستمی مووچەی کۆمپانیاکان، کە کۆی ئەم خەرجیانە لە داھاتی نەوت وەردەگیرێتەوە، وای کردوە ئەو پارەی دەدرێتە کۆمپانیاکان زۆر لەو داھاتە زیاتر بێت کە بۆ خەزێنەی گشتیە.
٤- کارنەکردن لە پیشەسازی نەوت، کە لە رووی دارایی و ژینگە و سیاسییەوە ھەرێمی کوردستان قازانجی دەکرد.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی روونیشیکردەوە:" پێداچونەوە بۆ ھەموو قۆناغەکانی نەوت لە بەرھەم بۆ فرۆشتن باشترین بژاردەیە؛ بەدڵنیایی ھەرێم دەتوانێت مووچەی خۆی دابین بکات بەبێ لێبڕین، بەم مەرجانە:
١-لە بەرمیلێک نەوت ٣٠ دۆلار بمێنێتەوە زیاتر لە ٦٠٥ ملیار دینار دەکات.
٢-خاڵە سنوریەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت و پێداچوونەوە بە کاری کۆمپانیاکان بکرێت داھاتی دەگاتە ٢٥٠ ملیار دینار.
٣-ئێستا داھاتی باج نزیکە ٨٥ ملیار دینارە و چاکسازیەکی باشی تێدابکرێت دەگاتە ١٥٠ ملیار دینار؛ واتە بەم سێ ڕێگا داھات ١٠٠ ملیار دیناری زیاترە لەو پارەیەی بۆ مووچە پێویستە.

ئاشکراشیکرد:" ئەمە جگە لە داھاتی رسومات کە بڕێکی باشە بۆ خەرجی بەکاربردن بەکاربێت، یاسای چاکسازیش وەک خۆی جێبەجێبکرێت بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەش کەم دەبێتەوە، بەمەش جگە لە توانای دابینکردنی مووچە و خەرجی بەکاربردن نزیکەی ١٥٠ ملیار دینار بۆ پرۆژە لەبەردەست دەبێت و بە پێدانی مووچە و دەستپێکردنەوەی پڕۆژە ئەم داھاتانەش زیاتر دەبێت".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی :"ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەم کاتەدا بژارەدەیەکی دروستە، بەڵام چارەسەر بۆ ئایندە چاکسازیە لە ناوخۆی کوردستان".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا