چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لەگەڕەکی ئەڵماسی
شاری کەرکوک، کەسێکی بە رەگەز عەرەب ژنێکی بەتەمەن رادەگرێت و خۆی بە خێرخوازێکی
ئیماراتی دەناسێنێت، پاشان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە ژنەکە رازی دەکەن بەوەی لەو کارە
خێرخوازییە بەشداربێت و بڕی ١٠ ملیۆن دیناری لێ وەردەگرن و پاشان هەڵدێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٣ی شوباتی ٢٠٢١، دایکی
محەمەد، کە ژنێکی دانیشتووی شاری کەرکوکە و پیشەی مامۆستایە، بە BMC راگەیاند:" رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەگەڕەکی ئەڵماس پیاوێکی رەشپێست رایگرتم
و خۆی وەک خێرخوازێکی ئیماراتی پێم ناساند و داوای لێکردم کە بانکێکی نیشان بدەم
بۆ ئەوەی پارەکانی کە لە دراوی "روبڵ"ی رووسییە، بیکات بە دیناری
عێراقی، لەو کاتەدا کەسێکی دیکە هات و خۆی وەک دکتۆر ناساند".
ناوبراو راشیگەیاند:"هەردووکیان
تاکسییەکیان راگرت و پێیان وتم دەمانەوێت هاوکاری کەسانی بێ سەرپەرشتیار بکەین و ئەگەر بەشداربیت لەو کارە خێرخوازییە دواتر
پارەی زیاترت پێ دەدەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"پاش ئەوەی
تاکسییەکەیان راگرت منیش لەگەڵیان سەرکەوتم و بەرەو ماڵی خۆمان بەرێکەوتین، بڕی ١٠
ملیۆن دیناری عێراقیم پێدان و ئەوانیش بڕێک پارەیان پێدامەوە و وتیان ئێوارە ئەو بڕەی دیکە کە ماوەتەوە بە زیاتر دەتدەینەوە، بەڵام دەرکەوت ئەو پارانە ساختەن پێیانداوم و هەرسێکیان پێکەوە بوونە و فێڵیان لێکردووم".
ئەوشیخستەڕوو:" بە مەبەستی
تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی چوومە هەریەکە لە بنکەکانی پۆلیسی قۆرییە و رەحیماوە،
بەڵام پێیان وتم کە دۆزینەوە ئەو کەسانە ئەستەمە، لەبەر ئەوەی هیچ شتێک لەبارەیانەوە
نازانم".