بەیانی ئەمڕۆ لیوای ١٢ی پێشمەرگە لەبارەی مووچەکانیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا،
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢١، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە BMC راگەیاند، لیوای ١٢ لەبارەی مووچەکانیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو لیوایە لە لیستی ئەو لیوا و فەرمانگانەدا نییە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە، ئەویش کە وا بڕیارە سبەی لیوا هاوبەشەکان سێ مووچە بەسەر یەکەوە وەربگرن بێ لێبڕین".
وتیشی:" وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەتەوە و گەیشتوون بەوەی سبەی مووچەی ئەو لیوایە کە لە دوو هەزار پێشمەرگە پێکدێت، بەبێ لێبڕین مووچەکانیان دابەشبکرێت".
ئاشکراشیکرد:" ئەو لیوا و فەرمانگانەی کە سێ مووچەکە بەسەر یەکەوە دەیانگرێتەوە، ئەمریکا خۆی دیاریکردوون، هەر بۆیە ئەو لیوایە لەو لیستەدا نییە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە".
لەهەمانکاتدا بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری نەگرتنەوەی ئەو لیوایە لە لیستی هاوکارییەکانی ئەمریکادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو لیوایە لە کۆتایی شەری داعشدا لە تەلعەفەر پێشێلکاری جەنگیان ئەنجامداوە و لە ئێستادا لە لیستی رەشی ئەمریکادان، بەڵام ناوبراو رەتی کردەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدات.