قەیرانی دارایی و کۆرۆنا چییان بەسەر کتێبخانەکان هێناوە؟

ڕاپۆرت 25/02/2021

Alternate Text

لە ئەنجامی قەیرانی دارایی و کۆرۆنا، رێژەی خوێنەرانی کتێب بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بەراورد بە ساڵانی پێشوو سەردانیکەرانی کتێبخانەکانی کەمیکردووە.

ئارام سدیق، نوسەرێکی شاری سلێمانییە و بۆ BMC دەڵێت:" نزیکەی ساڵێکە بەهۆی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و کۆرۆنا رێژەی کڕیارانی کتێب بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لەبەر ئەوەی خەڵک لە دۆخێکی دەروونی سەختدایە".

هاوکات لەگەڵ قەیرانی دارایی و کۆرۆنا، پەیدابوونی کتێبی ئیلکترۆنی و بە شێوازی PDF لە نێو ئامێری مۆبایلەکاندا هۆکارێکی دیکەی کەمبوونی خوێنەرانی کتێبی کاخەزە.

شادیار خوێندکاری زانکۆیە و وەک خۆی دەڵێت "خوێنەرێکی باشی کتێبم"، ئەو بە BMC وت :" بەهۆی قەیرانی دارایی بەشێک لە خوێنەرانی کتێب بە شێوەی ئیلکترۆنی دەخوێننەوە، هەرچەندە ئەویش رێگەیەکی باشە، بەڵام تامی خوێندنەوەی کتێبی کاغەز نادات و سودیشی کەمترە".

بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی خوێنەران بەشێکی زۆری کتێبی کتێبخانەکان بێ ناز کەوتوون و خەریکە دەبن بە ئەرشیف.

شاهۆ عوسمان، بەڕێوەبەری هونەری کتێبخانەی سلێمانی بە BMC راگەیاند:" کتێبخانەی ئیلکترۆنی خزمەتێکی باشی بە خوێنەران کردووە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی خوێنەران بەشێکی زۆری کتێبەکان خەریکە دەبن بە ئەرشیف و هیچ کڕیاریکیان نییە".

لە پرۆژەیەکی وەزارەتی رۆشنبیری تایبەت بە هاندانی خوێندنەوە کە بە تێچووی پێنج ملیۆن دینار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرباری ئەوەی زیاتر لە ٢٠ رۆژ بانگەشەی بۆ کرا، بەڵام رێژەیەکی کەم لە خوێنەران بەشدارییان تێیدا کرد، بە جۆرێک لە سلێمانی تەنها ٢٧ کەس، قەزاکانی قەرەداغ ٢٣ و پێنجوێنیش ١٧ کەس بەشداریان تێیدا کرد.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا