ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لەگەڵ عوسمان غانمی،
وەزیری ناوخۆی عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو
حکومەتی هەرێم و ناوەند لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٧ی شوباتی ٢٠٢١، نوسینگەی مەسعود بارزانی،
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە:" یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی
نێوان بارزانی و عوسمان غانمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم
و ناوەند بوو لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزای شەنگال".
ئاماژە بەوەشکراوە:"دۆخی ئەمنی و دوایین
پێشهاتی ناوچەکە و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو".
قەزای شەنگال یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەردوو
حکومەتی هەرێم و ناوەند و پاش رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ هێزی پێشمەرگە پاشەکشەی تێداکرد،
لە رۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هەردوولا لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە
رێککەوتن.