بە گوێرەی چەند ئاژانسێکی هەواڵی ئێران، لە وڵاتەکەدا نەوەیەکی نوێی کۆرۆنا هاتووەتە کایەوە کە لە جۆرە بەڕیتانی و ئەفریقیەکە جیاوازە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢١، ئاژانسێکی هەواڵی ئێرانی لە پێگەی تایبەت بە خۆیان لە تۆری تێلیگرام رایگەیاندووە، لە شاری قەزوینی وڵاتەکە کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای تارانی پایتەخت، نەوەیەکی نوێی کۆرۆنا پەیدابووە کە لە جۆرەکانی دیکە جیاوازە.
لەو بارەیەشەوە ئاژانسی میهری ئێرانی لە زاری جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە رایگەیاندوە کە کۆرۆنا نوێیەکە لەو شارەدا دەرکەوتووە، ئەوەش هاتوە کە بە کۆرۆنای ئێرانی ناونراوە.
بەڵام لەهەمانکاتدا، وەزیری تەندروستی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە شتی وا هەبێت، ئەویش کاتێک رۆژنامەوانان پرسیاریان لێکرد لەبارەی ئەو بابەتەوە.
تا ئێستا بە روونی دیار نییە کە دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە راست بێت، یاخوود مەترسیدارترە یان جیاوازییەکی وەهای نییە لەگەڵ جۆرەکانی پێش خۆیدا.