لاهور شێخ جەنگی: رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ بودجە نییە

کوردستان 28/02/2021

Alternate Text

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی رایدەگەیەنێت، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ بودجە نییە، بەڵکو فاکتەرێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی شوبات، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی پێشوازی کرد لە کلێمێنس زێمتنەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند:" یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هانی هەرێم و بەغداد دەدات بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە کە تیایدا پشکی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکات و چیتر قووت و بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم نەکرێتە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکان".

روونیشیکردەوە:" رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ بودجە نییە، بەڵکو فاکتەرێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هاوکات قەوارەی هەرێمیش بەهێزتر دەکات".

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ ئازادیی رادەڕبڕین کرد لە هەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لەو ڕووەوە جەختیکردەوە"لەسەر فەراهەمکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و مامەڵەکردنێکی مەدەنی و شارستانییانە لەگەڵ رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە پێناو پەرەپێدان و بەهێزکردنی پایەکانی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمدا".

لە بارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش بۆ کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا، لاهور شێخ جەنگی دوپاتیکردەوە" یەکێتیی پێی وایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازیی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا