Alternate Text

زۆرترین بینراو

Alternate Text

ئەو مامۆستایەی وتبووی بە قۆپیە قۆناغەکانی خوێندم بڕیووە روونکردەوەیەکی بڵاوکردەوە

کوردستان

28/02/2021

Alternate Text

دوای ئەوەی مامۆستا و بەڕێوەبەری پەیمانگایەک لە یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندندا وتی کە قۆناغەکانی خوێندنی بە قۆپی کردن تێپەڕاندووە و هانی قۆپی کردنی دەدا، ئەمڕۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١، ئاشنا فەلاح، مامۆستا و بەڕێوەبەری پەیمانگایەک لە سلێمانی لەبارەی ئەوەی لە یەکێک لە کەناڵەکاندا رایگەیاند کە لە قۆناغی هەشتی ناوەندی بەدواوە بە قۆپی کردن دەرچووە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی روونکردنەوەکەی ناوبراو: 

روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی ھاوڵاتیانی کوردستان، پەروەردەکاران، میدیاکاران و مامۆستایانی بەڕێز، بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێک لەسەر من دوای بەشداریکردنم لە بەرنامەی ١٠٠ پرس کە بەرنامەیەکی تەواو تەرفیھییە لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت، لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (کە ستایلی بەرنامەکە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەکردن لە کاتی تاقیکردنەوە کرا، بەڵام بە شێوەکی فراوان، رەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دوور لە ھەر بەھایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی کەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستکراوە بە ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیمان.

لە کاتێکدا بە ڕوونی رایدەگەیەنم کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بە تایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان، ھەر بۆیە زیاتر لە جارێک بەشداریان بە منداڵەکانیان کردۆتەوە لە خول و چالاکییەکانماندا، ئەمە جگە لەوەی سەدان سیمینار و چالاکیمان ئەنجامداوە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و شا رێگای ڕاستی زانست و زانیاری و ھەوڵ و کۆششدانمان بۆ ئامادەبووان خستۆتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەش ھێشتا خۆمان بە قوتابی دەزانین و لە ھەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەکردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای رێگەداین بۆیە بەردەوام لە کۆرس و خولی فێرکاری بەشدار دەبین.

لە کۆتاییدا جگە لەوەی دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئێمە ھەرگیز بانگەشە بۆ ھیچ جۆرە کارێکی ساختە و نادروست ناکەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێرکردن کە خۆمان لە کایەکەداین ھەم وەک قوتابی، ھەم وەک پەروەردەکار، دڵنیایی دەدەین کە بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان و درێژە بە کاروانی پەروەردەیی دەدەین و کوالیتی باشتر و خزمەتی زیاتر بە بەشداربووانمان دەکەین و لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوەستین.

ئاشنا فەلاح

Copyright 2019 BMC TV. All right reserved

Designed and Developed by AVESTA GROUP