دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لەیەکەمین لێدوانی دوای لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی رایگەیاند، نیازی نییە هیچ حیزبێکی نوێ دروست بکات و بەڵێن دەدات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دیموکراتەکان بهەژێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووتی ئەمریکا، لە وتارێکی لە کۆنگرەی کاری سیاسیدا، کە لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت رایگەیاند:" ئەو هەواڵانەی باسلەوەدەکەن حیزبێکی نوێ دروست دەکەن ناراستن".
باسیلەوەشکرد:" ئێمە لە شەڕێکی گەورەداین بۆ مانەوەی ئەمریکا، دەزانین ئەمە ئازارێکی قورس و سامناکە، بەڵام لە کۆتاییدا سەردەکەوین".
هەرلەو وتارەدا سەبارەت بە دیموکراتەکان کە براوەی هەڵبژاردنەکان بوون ترەمپ وتی:"لەراستیدا ئەوان دەزانن دۆڕاندیان، بەڵام کێ دەزانێت، رەنگە بۆ ویلایەتی سێیەم بڕیاربدەم بیانهەژێنم".
سەبارەت بە داخستنی هەژمارەکانی لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، رایگەیاند:"هیچ قسەیەک نییە بیکەین، ئەوان تەنانەت ئامادەنین گوێمان لێبگرن و قسە بکەین، پێویستە ئەوان سزابدرێت چونکە دەنگی ئازاد بێدەنگ دەکەن".
هاوکات لە بەشێکی دیکەدا هێرشی کردە سەر بایدن و بە سەرنەکەوتوو لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی تۆمەتباری کرد بەوەی هەوڵی گفتوگۆ دەدات لەگەڵیاندا.