ئەو کەسانەی پارەی زیادەیان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لێوەرگیراوە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە

کوردستان 01/03/2021

Alternate Text

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی توشبووی کۆرۆنا بوون و  پارەی زیادەیان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لێوەرگیراوە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئازار، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردووەتەوە:" لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی کۆرۆنا وەرگیراوە لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلییەکان بەجۆرێک کە پارەی زیاتریان لێوەرگیراوە لەو بڕەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاری کردبوو".

باسیلەوەشکردووە:"دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاریدا نەخۆشخانە ئەهلییەکان داشکاندن بکەن بۆ تووشبووانی کۆرۆنا سەرەتا داشکاندن بەڕێژەی 25% و دواتر بەڕێژەی 50%، هەندێک نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەکان خەرجی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیه لیژنەکە سەردانی هەموو نەخۆشخانەکان دەکا.

ئاماژەیبەوەشکردووە:" تەنها لە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی دەرکەوتووە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە کە دەکاتە بڕی زیاتر لە 116 سەدوشازدە هەزار دۆلار بەرامبەر بە 169 سەد و شەست و نۆ ملیۆن دینار کە لە ئەمڕۆوە بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوه".

جەختیلەوەشکردووەتەوە:"لیژنەکە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە، هەر نەخۆشخانەیەک سەرپێچی کردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەخۆش بە خاوەن مافەکان".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا