لە میانەی دیمانەیەک لەگەڵ پەیامنێری BMC، ماهیر حەسەن داوایەکی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢١. ماهیر حەسەن، هونەرمەند و سینەماکار، بە پەیامنێری BMC راگەیاند، هیوادارم وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە بڕیارەکانیدا بچێتەوە لەبارەی رێگریکردن لە کردنەوەی هۆڵەکانی سینەما". کە ئەویش فیلمەکەیان لە شارەکانی هەولێر و دهۆک پەخش ناکرێت.
وتیشی" دەکرێت سینەماکانیش هاوشێوەی شوێنەکانی دیکە کراوەبن بەڵام بە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان".
هاوکات راشیگەیاند": وەک دەبینرێت لە هەندێ شوێن کۆبوونەوەی زیاتر دەبینرێت. ئەگەر سینەماکان بکرێنەوە بە رەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکان کارێکی باش دەبێت، ئەویش تا خەڵکی لێی بێبەش نەبن".
ئەمە لە کاتێکدایە ماهیر حەسەن و چەند هاوبەشێکی ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکی سینەمایی بوون تا لە کۆتاییدا کارەکانی تەواو بوو و بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە لە سینەماکانی هەرێم پەخش بکرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ لە دواین رێنماییەکاندا رایگەیاند کە سینەماکان دادەخرێن.
سەرباری ئەوەش وا بڕیارە فیلمەکە کە ناوی 09 یە لە سینەماکانی شارەکانی (سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، کەلار) لە کاتی دیاریکراوی خۆی بەردەوام دەبێت لە رێکەوتی ٤ی ٣ی ٢٠٢١، بەڵام لە شارەکانی هەولێر و دهۆک فیلمەکە پەخش ناکرێت تا دوای ١٠ی ئادار کە وا بڕیارە لەو رۆژەدا سەرلەنوێ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆرۆنا لە هەرێم و نوێکردنەوەی رێککارەکان.