ئەو ڤاکسینەی چین وەک هاوکاری رەوانەی عێراقی کردووە لەڕووی کوالێتیەوە پەسەندە؟

کوردستان 03/03/2021

Alternate Text

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشکرایکرد، بەخۆڕاییبوونی ئەو ڤاکسینەی وڵاتی چین رەوانەی عێراقی کردووە بە مانای خراپی کوالێتییەکەی نایەت و لە زۆربەی ناوەندە زانستییەکان پەسەندکراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی ئاداری ٢٠٢١، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە BMC راگەیاند:" هەرچەندە ئەو ٥٠ هەزار پێکوتەی کۆرۆنایەی لەلایەن وڵاتی چینەوە رەوانەی عێراق کراوە بە شێوەیەکی خۆڕایی بووە، بەڵام لە رووی کوالێتییەوە هیچ گرفتێکی نییە و لە ناوەند و تاقیگە تەندروستییەکانی عێراق و زۆربەی وڵاتان پەسەندکراوە و کاریگەرییەکی باشی هەیە".

ناوبراو راشیگەیاند:" ئەمڕۆ یاخود سبەی دەست بە دابەشکردنی ڤاکسینەکە دەکرێت و لەبەر ئەوەی ژمارەکەی کەمە سەرەتا تەنها بەسەر کارمەندانی تەندروستی دابەشدەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کاروانی دووەمی ڤاکسینەکە دەگاتەوە عێراق و بەهەمان شێوە لەو بڕەش پشکی هەرێمی کوردستانی تێدایە".

شایەنی باسە، درەنگانی شەوی ١ی ئادار ٥٠٠ ژەمە ڤاگسین لە رێگەی وڵاتی چینەوە وەک هاوکاری گەیەندرایە عێراق، دوێنێش پێنج هەزار ژەم لەو ڤاکسینە وەک پشکی هەرێمی کوردستان رەوانەی پارێزگاکانی هەرێم کرا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا