وەزارەتی تەندروستی هەرێم پشکی شارەکانی لەو پێنج هەزار ژەمە ڤاکسینەی کۆرۆنا دیاریکرد و سبەی دەست بەبەکارهێنانی دەکرێت.
بە گوێرەی خشتەیەکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم تایبەت بە دابەشکردنی پشکی شارەکان لەو ڤاکسینی کۆرۆنایەی لە لایەن وڵاتی چینەوە وەک هاوکاری رەوانەی عێراق کرا، هەزار و ٣٦٠ ژەم بۆ پارێزگای هەولێر و قەزای کۆیە تەرخانکراوە، ٩٢٠ ژەمیش بۆ پارێزگای دهۆک، هەزار و ٧٢٠ ژەمیش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان تەرخانکراوە.
هاوکات، هەزار ژەمیش لەو ڤاکسینە بۆ ئەو هاوڵاتییە چینییانە تەرخانکراوە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ئەوەشخراوەتەڕوو:" کۆی گشتی ڤاکسینەکە پێنج هەزار ژەمە و دوو هەزار و ٥٠٠ کەس سودی لێ دەبینێت".
شایەنی باسە، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند:"بڕیاری بەکارهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەرچوو".