وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە رۆژی چوارشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تایبەت بە رۆژانی نەورۆز کۆببنەوە.
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە BMC راگەیاند:" تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێت، تا ئێستا نازاندرێت ئەنجامدەدرێت یان نا".
باسیلەوەشکرد:" پێشبینی ناکەین جارێکی دیکە قەدەغەی هاتوچۆ یان کەرەنتین دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ هیچ جۆرە کۆبوونەوە و دروستکردنی قەرەباڵغییەکدا نین".
ئاشکراشیکرد:"جگە لەو رێژەیەی ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین بەردەوامە لە زووترین کاتدا زۆرترین رێژەی ڤاکسین دەگەیەنینە هەرێم و حکومەتی هەرێمیش بۆ ئەمە تەواو هاوکارمانە.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و زۆرینەی توشبووانیش کۆرۆنای گۆڕاوە.