٤٣ هەزار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە هەرێم

تەندروستی 24/03/2021

Alternate Text

وەزیری تەندروستی هەرێم ئاشکرایکرد، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بڕی ٣٣٦ هەزار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینیکا بگاتە عێراق و پشکی هەرێمی لەو کاروانە ٤٣ هەزار ژەمە ڤاکسینە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند:" بڕیارە سبەی ٤٣ هەزار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان کە لە جۆری "ئەسترازینیکا"ی بەریتانییە و لەلایەن دامەزراوەی "کۆڤاکس"ی نێودەوڵەتییەوە کڕاون".

ناوبراو راشیگەیاند:" ئەو ڤاکسینەی سبەی دەگاتە هەرێم جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ڤاکسینی "سینۆفارم"ی چینی نییە و و پێی هەمان سیستەمی پێشوو دابەشدەکرێت و سەرەتا بە کارمەندانی تەندروستی دەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو ڤاکسینە چینییەی پێشتر گەیشتە هەرێم و بەسەربەشێک لە کارمەندانی تەندروستی دابەشکرا هیچ گرفتێکی نەبووە و بە رێگە زانستییەکان بەکار‌هێندراون".

دیاریکردنی رێژەی پشکی هەرێمی کوردستان لە ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانە و حکومەتی عێراق لە پلانیدایە ٢٠٪ دانیشتوانی عێراق بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوترێن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا