وەزارەتی تەندروستی لێدوانی سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمان رەتدەکاتەوە

کوردستان 24/03/2021

Alternate Text

بریکاری وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکرد، بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوونی داخستنی خوێندنگەکان، یاخود دەستپێکردنەوەی دەوام لە دەسەڵاتی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١، د. رەهێڵ فەرێدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە BMC راگەیاند:" دیاریکردنی وادەی راگرتن و دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگەکان لە دەسەڵاتی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان نییە و پێویستە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار لەوبارەیەوە بدات".

ناوبراو راشیگەیاند:" پەرلەمان لایەنی دەرکردنی یاسایە و لایەنی جێبەجێکردن نییە، ئەوان تەنها بۆیان هەیە چاودێری بڕیارەکانی حکومەت بکەن ".

ئاماژەی بەوەشکرد:" تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی هیچ پێشنیازێکی لەبارەی بەردەوامبوونی داخستنی دەرگای خوێندنگەکان، یاخود دەستپێکردنەوەی دەوامی پێشکەش بە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا نەکردووە و لە کۆتایی رۆژانی هەفتەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کۆرۆنا دەکرێت".

شایەنی باسە، ئەمڕۆ عەبدولسەلام دۆلەمەری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" راگرتنی دەوامی خوێندکارانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی تاوەکو قۆناغی ١١ی ئامادەیی بەردەوام  دەبێت ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا