ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دووری دەزانێت لە دانیشتینی
رۆژی شەممەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ پەسەند بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی
پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند:" بەهۆی ناکۆکی و جیاوازی بۆچوونی نێوان لایەنە شیعەکان لە نێو
خۆیاندا لەلایەک و پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجە لەلایەکی دیکەوە، زەحمەتە
بتوانرێت لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی پەرلەمان پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت".
ناوبراو راشیگەیاند:" لە ئێستادا لە نێو شیعەکاندا دوو بەرە هەیە،
بەرەیەکیان پێی خۆشە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و بودجە تێپەڕێندرێت، بەرەیەکی دیکەش
هەیە پێی خۆش نییە ئەم حکومەتەی مستەفا کازمی سەرکەوتوو بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا
لایەنە شیعەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەگەیشتوون بە رێککەونێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی
پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای ئەمساڵدا".
ئاماژەی بەوەشکرد:" پێشبینی دەکەم رۆژی شەممە گفتوگۆکانی نێوان شاندی
حکومەتی هەرێم و لایەنە شیعەکان لەبارەی پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجە
دەستپێبکاتەوە".