قائیمقامی چەمچەماڵ ئاگاداری پیشەوەر و کڕیارانی ئاسن دەکاتەوە، ماوەیەکە بە بیانووی کڕینی ئاسن و فافۆن لە گوندەکانەوە پەیوەندی
بە پێشەوەران دەکرێت و دوای سەردانی شوێنەکە لەلایەن کەسانی چەتە و رێگرەوە هەوڵی
لێسەندی پارە و ئۆتۆمبێلی کڕیارکە دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ی ئازاری
٢٠٢١، رمک رەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە BMC راگەیاند:" لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دوو حاڵەتی رێگریکردن و وەرگرتنی
پارە و ئۆتۆمبێل لە پیشەوەران لەلایەن چەند چەتەیەکەوە روویانداوە، یەکێکیان
لەنێوان ناحیەی سەنگاو و ئیدارەی گەرمیان بووە، ئەوەی دیکەشیان لە نێوان هەردوو
ناحیەی لەیلان و قادر کەرەم روویداوە و تەنها یەکێکیان سکاڵای تۆمارکردووە".
ناوبراو راشیگەیاند:" باشتر وایە پیشەوەران
ئاگاداری خۆیان بن و کاتێک دەڕۆن بۆ کڕین و فرۆشتنی ئاسن لە گوندەکان تەنها نەبن و
لە کاتی روودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە
بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ماوەی چەند هەفتەیەکی
رابردوودا سێ کەس بە تۆمەتی رێگریکردن و وەرگرتنی پارە و سەرانە لە خەڵک لە نزیک
ناحیەی بازیان دەستگیرکراون".