موقتەدا سەرد، سەرۆکی رەوتی سەدر، لە تویتێکدا دەڵێت کە دەبێت حکومەتی عێراق رێگری لە نمایشی سەربازی بگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١، دوای ئەوەی گروپی ربع اللە لەسەر شەقامەکانی بەغدا نمایشێکی سەربازییان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، موقتەدا سەرد، سەرۆکی رەوتی سەدر لە پەڕەی خۆی لە تویتەر رایگەیاند:" ئەمڕۆ میلیشیایەک لە سەر شەقامەکانی بەغدا نمایشێکی سەربازی و چەکداری ئەنجامدا بۆ چەند داواکارییەک وەک نرخی دۆلار".
لەو بارەیەوە وتی:" هانا بردن بۆ چەک بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکان کارێکی رێگەپێنەدراوە و دەبێت حکومەتی عێراق رێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات".
وتیشی:" ئەم گروپە ملیشیایە دەبێت سزابدرێت، ئەگەر سەر بە حەشدە دەبێت ئەوان سزای بدەن و ئەگەر واش نییە با خۆیانی لێ بەری بکەن".
ئاماژەی بەوەشدا:" گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا سود و زیانی هەیە بۆیە بڕیارەکەمان داوەتە دەستی کەسانی شارەزا، بۆیە نابێت هاوڵاتییان برسی بکرێن لە کاتێکدا چاوچنۆکی هەیە، دەبێت حکومەت رێگری بکات لە بەرزبوونەوە و یاری کردن بە نرخەکان لە بازاڕەکاندا".
لە کۆتاییدا سەرۆکی رەوتی سەدر روونیشیکردەوە:" لەوانەیە ئەو گروپانە لایان وابێت بەو کارەیان سۆزی هاوڵاتیان بۆ لای خۆیان رادەکێشن، بەڵام توندوتیژی لە سۆزی هاوڵاتیان بەدەرە، هەر بۆیە ئیتر بەسە توندوتیژی و ئازاردانی هاوڵاتیان".
گرنگی بەوەشدا:" نەکەن لە سەروەری وڵات کەمبکەنەوە".