پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی زانیارییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە، بە فڕۆکە کرێکار لە سوریاوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کارکردن.
عەبدولستار مەجید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە:" بەپێی هەندێک زانیاریی کە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەدەستم گەیشتووە، بە فڕۆکە کرێکار (لە هەردوو ڕەگەز) لە سوریاوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی بێکاریی و زۆری گەنجی بێکار و دەستی کاری ناوخۆ بەردەوام لە زیادبووندایە و هێنانی ئەو خەڵکەش بۆ کارکردن لە دەرەوەی هەرێمەوە، هێندەی دیکە ئاستی هەژاری و بێکاری زیاتر دەکات".
باسیلەوەشکردووە:"مەترسی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ئەو کرێکارە بیانیانە بە پارەیەکی کەمی مانگانە کار دەکەن و خاوەنکاری ناوخۆش هاندەدرێن کە کرێکاری خۆماڵی ناچار بکرێن یان بە پارەیەکی زۆر کەم کار بکەن یان کارەکانیان لەدەستدەدەن".
ئەو پەرلەمانتارە باسیلەوەشکردووە:" بەم حاڵەوە کە هەندێک کۆمپانیا و ژمارەیەک بازرگان و خاوەنکار دەیکەن، ئەو کرێکارە بیانیانە جێگە بە دەستی کاری خۆماڵی لێژ دەکەن کە ئەوەش ئێجگار مەترسیدارە بەتایبەت بۆ ئێستا کە بەهۆی گەندەڵییەکی زۆر و بێ ڕەزای حکومەتەوە، چەندین ساڵە کەس دانەمەزێندراوە یان بە دزیەوە بۆ خەڵکی نزیک لە خۆیان دامەزراندن دەکەن و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان و گەنجانیش یان دەبێت بەبێ کاری بمێننەوە یان ڕێگەی کۆچی هات و نەهات بۆ هەندەران بگرنە بەر".