سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سوەیس ئاشکرایکرد، کاپتنی کەشتییەکە بەرپرسی یەکەمە لە گیرخواردنی ئەو کەشتییە و دروستبوونی قەیرانی داخستنی نۆکەندەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە،٢٨ی ئازاری ٢٠٢١، ئوسامە رەبیع، سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سوەیس رایگەیاند:" لە ئێستادا کارەکانی کردنەوەی رێڕەوی نۆکەندی سوەیس بەردەوامە و پێشتریش نۆکەندەکە چەندین کەشتی لەوە گەورەتر پێیدا تێپەڕبووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە، تەنانەت ئەو کەشتییە خۆشی پێشتر چەند جارێک بە نۆکەندییەکەوە تێپەڕبووە ".
ناوبراو راشیگەیاند:" بەرپرسانی نۆکەندی سوەیس خۆیان لێکۆڵینەوە لە قەیرانی داخرانی نۆکەندییەکە دەگرنە ئەستۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد:" داخرانی نۆکەندییەکە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نییە".