ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر رێککارەکان توند دەکاتەوە

کوردستان 28/03/2021

Alternate Text

ژووری ئۆپارسیۆنەکانی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا داوا لە هاوڵاتییان دەکەن خۆپارێزی بکەن، ئەوانیش لە بەرامبەردا رێککارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا توند دەکەنەوە.

بەگوێری راگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر، لەمەودا هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرەزە دادەنێن.

 

راگه‌یندراوێك له‌ ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:

ئەمشەو 2021.3.28، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدیوانی پارێزگا، کۆبووە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
1- دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنجی لێژنەی زانستیی و لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بە هەستیاری و مەترسیداری هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاد بوونی مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی شارەوانیمان دەستکراوە کردووە لە وەرگرتنی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوکەس و لایەنانەی ڕەچاووی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەکەمان، پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، بەپێچەوانەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
2- بەهەموو شێوەیەک، هەموو جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوە و کۆڕ و سمینار و کۆنفراس، لەهۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی کراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵه‌كانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەکان دا‌خراو ده‌بن، هێزەکانی ناوخۆ و تیمه‌كانی شارەوانی بەوردی چاودێری دەکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی لەوبڕیارە بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
3- تەواوی ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەکان‌)، دەبێت سەرجەم ڕێنامییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ‌هه‌رشوێنێك پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆک، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.  
4- دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێدەکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەکی حکومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.
5- کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانەکانیان بکەن، ڕەچاووی دووری مەودای مێزەکان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنجەرە و دەرگاکان کراوە بكه‌ن بۆئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت، لەکاتی پشکنینی لێژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردن، هەر شوێنک پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.  
6- پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک ڕاسپێردراون و بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
7- سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن و پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ و مەفرەزەکانی، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.   
8- دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
9- لەبەیانییەوە ڕۆژی دووشەمە 2021.3.29، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتییان و پابەندبوونیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنەی نهێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەکات.
ئەو بڕیارانە سه‌رجه‌م قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (28)لەسەر(29)ی ئازاری 2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر
28ی ئازاری 2021

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا