پاش هەفتەیەک لە گیرخواردنی گەشتی "ئێڤەر گەیڤن" لە نۆکاندی سوێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەشتییەکە خرایەوە سەر رێڕەوی خۆی و رێگەکە بەڕووی ٣٧٠ کەشتی دیکەدا کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩ی ئازاری ٢٠٢١، کۆمپانیای "ئێنچ کیپ"ی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی کەشتیوانی لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند:" کەشتی دەفری زەبەلاحی ئێڤەر گەیڤن کە لە نۆکاندی سوێس گیریخواردبوو، کەوتەوە سەر رێڕەوی خۆی و بەوەش رێڕەوی نۆکاندییەکە بە تەواوی کرایەوە کە ٣٧٠ کەشتی چاوەڕوانی کردنەوەی رێگەکە بوون".
هاوکات، ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردووەتەوە:" کەشتییەکە بە تەواوی کەوتووەتەوە سەر رێڕەوی خۆی و لە ئێستادا پشکنین بۆ تەواوی بەشەکانی ئیڤەر گەیڤن دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی زیانی پێنەگەیشتووە".