ئەمڕۆ چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردن لە مەراسیمی ئاڵوگۆری چەند پۆستێکی سەربازی لە رانیە وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئێمە سڵ لە هیچ شتێک ناکەینەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی ئازار، چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە رانیە لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی پۆستی چەند بەڕێوەبەرێک رایگەیاند:" ئێمە وەکو وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەپەیوەندیداین و راوێژ دەکەین و لیژنەی تایبەت هەیە لەو شوێنانەی پەیوەندیدارن و هەرکەسێک کاندید دەکرێت بە کۆمەڵێک فلتەردا دەروات و کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دیاریدەکرێت، ئەمجارە ئەوەنیە کەسی فڵان ئینتیمای بۆ فڵان کەسێک هەبێت، کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو".
ئاماژەی بەوەشدا:" گۆڕینی بەرپرسیارێتی شتێکی ئاساییە و حاڵەتێکی بەردەوامە، گۆڕانکاری لە وەزارەتی ناوخۆ بەتایبەتیش لە بەشە سەربازییەکەی پێوەری خۆی هەیە، کاروانێکە بەڕێمانخستوە، دوێنێ لە کۆیە بوین ئەمڕۆ لە دەروازەی راپەڕینین و رەنگە سبەی لە سلێمانی دەستپێبکەین".
وتیشی:" ئێمە گۆڕانکاری دەکەین و سڵ لە هیچ شتێک ناکەینەوە، لە هیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەین دەست بە پۆستەکەیەوە بگرێت و بە هەندێک رەچاوکردن قۆرخی بکات و بیکاتە موڵکی خۆی، کورسی موڵکی کەس نیە موڵکی گشتییە".