پەرلەمانتارێکی پارتی لە زاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە باسلەوەدەکات، لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاتێک ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەتەوە پێی وتووە کاری جدی دەکەین بەڵام شەرمەزارم مەکەن.
هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە:" کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێمەی گێڕایەوە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گەمارۆی توندی سەر ھەرێمی کوردستان، چوومە کۆشکی ئیلیزی لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کۆبوومەوە، بۆ ئەوەی ھەرێم لەو دۆخە دژوارەدا رزگار بکەین... ماکرۆن بە منی وت، کاری جددی دەکەین بەڵام شەرمەزارم نەکەن! منیش لەوێ بەڵێنم پێدا".
باسیلەوەشکردووە:" نێچیرڤان بارزانی وتووشیەتی، دوای کە وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرام، چوومەوە پاریس و دیسان لە کۆشکی ئیلیزی لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کۆبوومەوەو پێم وت، ئەوە ھاتووم بە بەرێزتان بڵێم، سوپاستان دەکەین بۆ نەھێشتنی ئەو گەمارۆیەو و بەڵێنم دابوو شەرمەزارتان نەکەین و نەمانکرد.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا نووسیویەتی:" ئێستاش کە لە پاریسە دڵنیابن، دەستکەوتێکی دیکەی گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە. لە ماوەیەکی کورت مەودادا ھەموومان بە خێر بۆ ئەم ھەرێمە دەبینن. با جەنابییان خۆی باس بکات".