نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، حکومەتی هەرێم پابەندی
رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا دەبێت، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە حکومەتی فیدڕاڵ وەک
سیستەمێکی فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات .
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی
کوردستان لەمیانی گەشتەکەی بۆ فەڕەنسا و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن
سەرۆکی ئەووڵاتە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند:" ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە
ئەو دەقەی شاندی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی عێراق لەسەری رێککەوتوون جێبەجێبکرێت، بەڵام
کێشەی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە حکومەتی فیدڕاڵ وەک
سیستەمێکی فیڕاڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات ".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:" لە هەموو ئەو
وڵاتانەی سیستەمی فیدڕاڵی تێیاندا پەیڕەو دەکرێت مینحەیەک دەدرێت بە هەرێمەکان،
ئەوانیش لە پەرلەمانی خۆیاندا پەسەندی دەکەن، بەڵام لە عێراق بەوجؤرە نییە و پاش
بەسەندکردنی لە پەرلەمانی هەرێم، پێویستە پەرلەمانی عێراقیش پەسەندی بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە پاش رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ فەڕەنسا
و بەتایبەت سەرۆک ماکرۆن رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان
لەگەڵ بەغدا ".