پەرلەمانتارێک: ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ پرۆژە یاسای بودجە تێپەڕێندرێت

عێراق 31/03/2021

Alternate Text

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو لایەنە شیعەکان لە ماڵی هادی عامڕی کۆبوونەوە و گەیشتوون بە جۆرێک لە رێککەوتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە BMC راگەیاند: "بڕیارە کاتژمێر ١:٠٠ی نیوەڕۆ ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق دەستپێبکات، پێشبینیش دەکرێت پرۆژە یاساکە پەسەندبکرێت، لەبەر ئەوەی شەوی رابردوو لایەنە شیعەکان لەماڵی هادی عامری کۆبوونەوە و گەیشتوون بە جۆرێک لە رێککەوتن".

ناوبراو هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیشە، لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند: "فراکسیۆنی یەکێتی پاڵپشتی دوایین رێککەوتنی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی دەکات و بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە رێککەوتنی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی نەکراوە".

بە پێی دوایین رێککەوتنی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبەرامبەر رادەستکردنی بەهای ٤٦٠ هەزار بەمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ و دەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و کرێی کۆمپانیاکان لەو پارەیە و رادەستکردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ، حکومەتی ناوەند ١٢.٦٤٪ بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ رەوانەی هەرێم دەکات.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا