ئەندامێکی ژنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی
"سوکایەتیکردن" بە ژن لەلایەن هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی حزبەکەی لە
پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە و دەڵێت " توانای کەسی بە رەگەز نییە و ژنان
هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ی ئازاری ٢٠٢١، حەسیبە عەبدوڵا،
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە BMC راگەیاند:" جێی داخە کە ئەو کەسەی ئەو قسەیەی کردووە
پەرلەمانتاری حزبەکەی خۆمە، نائەبوو کەسێک هەڵگری فەلسەفەی یەکێتی بێت و لەو حزبە
بێت کە گرنگییەکی زۆری بە رۆڵی ژنانی داوە، بەوشێوەیە تێڕوانینی بەرامبەر بە ژنان
هەبێت".
ناوبراو راشیگەیاند:" بە شانازییەوە دەڵێم ژنم و
ئەوەی من کردوومە رەنگە بەشێکی زۆری پیاوان نەیانتوانیبێت بیکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد:" پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای
لێبوردن لە ژنان بکات، هەرکات داوای لێبوردنی کرد ئەوە گەورەترین سزایە بۆی".
ئەوەشیختەڕوو:" لە ئێستادا یەکێتی ٢٥٪ پۆستەکانی بە
ژنان پڕکردووەتەوە، هەرچەندە ئەو رێژەیە لە ئاستی داواکاری ئێمە نییە، بەڵام
هەمیشە ژنان رۆڵێکی گرنگیان لە حزبەکەدا هەبووە".