سەرۆکایەتی یەکێتیی: لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بەرگەی هەموو توانج و هەڵمەتە ناڕەواكانمان گرت

کوردستان 01/04/2021

Alternate Text

سەرۆکایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، پەسەندکرنی بودجە سەرەتایەكی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و هاندەرێکیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر و نزیکبوونەوە و کاری هاوبەشی حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی یەکێتیی بەبۆنەی پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین بەبۆنەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.
پەسەندکرنی بودجەكە سەرەتایەكی گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و هاندەرێکیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر و نزیکبوونەوە و کاری هاوبەشی حكومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ. هیوادارین پەسەندکردنی بوجە ببێتە مایەی باشترکردن دۆخی دارایی و ئابووری عێراق و چاککردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ژیانێکی باشتر و ئارامتریان هەبێت.
پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ هەموولایەکی روونکردەوە کە كاری هاوبەش و دانوستان زۆر لە گرژی و پێكدادان زیاتر خزمەت بە دزۆی ڕەوای گەلەکەمان دەکات. خەڵکی كوردستان ماندووی ساڵانێکی پڕ لە ناسەقامگیری ئابوورییە و چاویان لە داهاتوویەکە کە تێیدا مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان پارێزراوبێت و دۆخێکی جێگیری بژێوییان هەبێت.
سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە پشتگیریان کردین و هاوکارمان بوون بۆ گەیشتن بەم قۆناغە گرنگە. سوپاسی دۆست و خەمخۆرە عێراقییەكان دەکەین و هیوادارین ئەمە ببێتە بناغەیەك بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر و چارەسەرکردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر.
دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بۆ هەوڵی بەردەوام و کۆششی بێوچانیان بۆ گەیشتن بە ئەنجام لە دانوستاندنەکان. رۆڵی گرنگ و مێژوویی ئەوان لەبیرناکەین و نموونەی دانوستانکاری سەرکەوتوو و ماندوونەناس بوون. دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بە تایبەت فراکسیۆنی یەکێتی بۆ خەمخۆری و ماندوبوونیان لە پێناو سەقامگیری ئابووری عێراق و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێغی نەكرد لە شەونخونی و هەوڵی بێوچان بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكان و دۆزینەوەی دەرچەی رزگاربوون لەو قۆناغە سەختە. لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵانی خەڵکیشدا بەرگەی هەموو توانج و هەڵمەتە ناڕەواكانی گرت. ئەم سەركەوتنەش وەڵامە بۆ هەموو ئەو گومان و تۆمەتانەی كە ئاراستەی کراوە لە بەرامبەر ڕۆڵی مێژویی و بنەڕەتی یەکێتی و سەنگ و پێگەی لە نەخشەی سیاسی عێراق و كوردستاندا. ئێمە لە سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێن دووپات دەکەینەوە لە داهاتوودا هەموو پێگە و دیبلۆماسیەتی خۆمان بخەینە خزمەتی چارەسەرکردنی كێشە هەلپەسێردراوەكانیترەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لەپێناو بەدیهاتنی داوا ڕەواكانی گەلی کوردستان و دابینكردنی ماف و شایستەییەكانی.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا