لاهور شێخ جەنگی: پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک

کوردستان 03/04/2021

Alternate Text

لاهور شێخ جەنگی لە بڵاوکراوەیەکدا باسیلەوەکردووە پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی باشترکرنی ژیانی خەڵک.

دەقی بڵاوکراوەکەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی:

لەگەڵ هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی و کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپانی شاری سلێمانی سەردانی د.بەرهەم ئە‌‌حمەد ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقمان کرد. لە دیدارێکدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت مەسەلەی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد لەو بودجەیەدا.
سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەکانی دکتۆر بەرهەم ساڵحمان کرد کە ڕۆڵێکی نیشتیمانی و یەکلاکەرەوەی بینی لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەو بودجەیەدا. جەختمان کردەوە کە پەسەندکردنی بودجە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم و بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری. دوپاتمان کردەوە کە پابەندبوون بە یاسای بودجە دەبێتە مایەی ئیستیقراریی ئابووری و کۆتاییهێنان بەو کێشە داراییانەی کە ماوەیەکی زۆرە بەرۆکی خەڵک و موچەخۆرانی گرتبوو.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا