ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە باوک و کوڕن و پێکەوە تەقەیان لە ماڵی کەسێک کردووە.
ئەمرۆ شەممە ٣ی نیسان، ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند:" کاتژمێر ٢:٢٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٣ی نیسانی ٢٠٢١ پاش ئەوەی لە لایەن دوو تۆمەتبارەوە کە باوک و کوڕن بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە گەڕەکی ئیمام محەمەدی قەزای کفری بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتییەک کردووە و بەو هۆیەوە هاوڵاتییەکە بریندار بووە و دواتر هەڵهاتوون".
ئەوەشهاتووە:" دەستبەجێ هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کفری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان کەوتنە سۆراخی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هەردوو تۆمەتبار و توانرا لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێردا هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و دەستیش بگرن بە سەر چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف و ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی کە تاوانەکەیان پێ ئەنجام دابوو".
ئاسایشی گەرمیان ئاماژەی بەوەشداوە:" لە سەر بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە هەردوو تۆمەتبار بە پێی مادەی ٤٠٥/٣١ لە یاسای سزادان ڕاگیراون و دواتر بە پێی تایبەتمەندی تاوانەکەیان هەردوو تۆمەتبار لە گەڵ چەک و ئۆتۆمبێلەکەدا ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کفری کران".