بەهۆی تێکەڵبوونی دوو جۆری جیاوازی ڤاکسینی کۆرۆنا لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئەو ڤاکسینە لە ئەمریکا، زیاتر لە ١٥ ملیۆن ژەمە ڤاکسین تێکچوون.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە:" لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن و ئەسترازینیکا لە کارگەیەکی شاری بالتیمۆر لە ئەمریکا، زیاتر لە ١٥ ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا تێکچوون، بەوهۆیەوە ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا لە کارگەکەدا تەنها جۆری ڤاکسینی جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن بەرهەمبهێندرێت ".
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە ئاشکراشیکردووە:" بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا لە پێناو ئەوە بووە لە داهاتوودا حاڵەتی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە و هاوڵاتیانیش متمانە بە ڤاکسینەکان لەدەست نەدەن".
لای خۆشییەوە، کۆمپانیای ئەسترازینیکای بەڕیتانی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە:" لەگەڵ ئیدارەی بایدن کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی جێگرەوە بۆ دروستکردنی ئەو ڤاکسینە".