لە میانی ئەنجامدانی نوێژی قیامەی مەسیحیەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مەسیحیەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە بە شێوەی ئۆنلاین نوێژەکە ئەنجامدراوە و سەرجەم کەنیسەکان داخراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مەسیحیەکان لە ئەوقافی هەرێم رایگەیاند:" لە سۆنگەى پابەندبونمان بەبڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوى کۆرۆنا لە ھەرێمى كوردستان، جەخت لەپاراستنی ئاشتی پێکەوەژیانی ئایینی و تەبایی لە نێوان گشت ئایینەكانى کوردستان دەکەینەوە، سەبارەت بە نوێژی جەژنی قیامە كە دوێنێ شەو بەڕێوەچو، چەند رونکردنەوەیەک دەخەینەڕوو".
هاتووشە:" ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بەبێ بەشداریكردنى ھاوڵاتیانى كریستیان بەڕێوەچوە و بەشێوەی ئۆن لاین بوە، بۆ زانیاریتان سەرجەم كەنیسەكان داخراون جگە لە كەنیسەیەك نەبێت كە تەنھا نوێژی جەژن تێدا ئەنجامدراوە".
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێن:" داوای لێ بوردن لە موسوڵمانانى کوردستان و سەرجەم ئایینزاكان دەکەین کە ئەگەر ئەم كردارە بو بێتە ھۆی بریندارکردنی ھەستیان، لێرەوە جەخت دەکەینەوە كە پابەندی گشت بریارەكانی لێژنەی باڵای بەرنگاربونەوەی کۆرۆنا دەبین و ڕێگەش نادەین هیچ کەنیسەیەك سەرپێچی بکات تا ئەوکاتەی بەفەرمی سەرجەم شوێنە ئایینەکان دەکرێنەوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەشداوە:" بەدواداچونى كارگێرى خۆشمان دەكەین لە بوونى ھەر كارێك كە پێچەوانەی بریارو رێنمایەكانى لێژنەى باڵاى بەرنگاربوونەوى ڤایرۆسى كۆرۆنا بێت".