پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ئاشکرایکرد، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای توران لە ناحیەی رزگاری دوو ژن گیانیانلەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی نیسانی ٢٠٢١، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویکردووەتەوە:" بەیانی ئەمڕۆ لەئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا لەسەر رێگەی تورانی سەر بە ناحیەی رزگاری، دوو ژن بە ناوەکانی (نەعیمە ئەحمەد) و (گەمرە حسێن) گیانیانلەدەستدا، شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکە و دوو سەرنشینی دیکەش برینداربوون ".
ئاماژە بەوەشکراوە:" یەکێک لەو دوو ژنەی گیانیانلەدەستداوە لە نەتەوەی کورد و دانیشتووی گوندی بنە بەراز بووە، ئەوەی دیکەشیان لە نەتەوەی عەرەب و دانیشتووی مەندەلی بووە ".
ئەوەشخراوەتەڕوو:" بەمەبەستی توێکاری تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراون، سەرجەم بریندارەکانیش دوای چارەسەری پێویست بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون ".