وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لەکۆی زیاتر لە ٤٣ هەزار ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینیکا کە لە ماوەی رابڕدوو وەک ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکە گەیشتبووە هەرێم، نزیکەی ٧٠٪ ڤاکسینەکە بەکارهێندراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی نیسانی ٢٠٢١، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە BMCراگەیاند:" هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکی وردمان لەبارەی ژمارەی ئەو ڤاکسینانە لەبەردەست نییە کە بەکارهێندراون، بەڵام زیاتر لە ٧٠٪ ژەمی یەکەمی ڤاکسینی ئەسترازینیکیای بەڕیتانی بەکارهێندراون، سەرجەم ئەو پێنج هەزار ڤاکسینە چینییەی دیکەش بەکارهێندران کە پێشتر گەیشتبووە هەرێم ".
ئاماژەی بەوەشکرد:" بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەردوو جۆری ئەسترازینیکا و ڤایزەر بگاتە عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە پشکی هەرێم لەو ڤاکسینە چەندە ".
تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤٨ هەزار ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینیکای بەڕیتانی و سینافۆرمی چینی گەیشتووەتە هەرێم، بەشێکی زۆریان بەکارهێندراون.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رۆژانە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە.