بەڕێوەبەری پاسپۆڕتی سلێمانی رایگەیاند، لە پەیوەندیدان لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی پاکستان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییەی کە لەزیندانەکانی پاکستانەوە رایگەیاندبوو کە خەڵکی سلێمانییە.
ئەمڕۆ دووشەمە عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بەBMC رایگەیاند:" لەلایەن باڵیۆزی عێراقەوە لە پاکستان ئاگادارکراینەوە، کەسێک ماوەی دە ساڵە لە پاکستان زیندانیکراوە و بانگەشەی ئەوە دەکات هاوڵاتی شاری سلێمانییە، بەڵام هیچ بەڵگە و دۆکیۆمێنتێکی پێ نییە، بۆیە ئێمە وێنەکەی بڵاو دەکەینەوە تاکو هەر کەسێک لە هەرناوچەیەکی کوردستان ئەم هاوڵاتییە دەناسێت پەیوەندیمان پێوە بکات و دۆکیۆمێنتەکانی بهێنێت تاوەکو بینێرین بۆ باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی پاکستان ".
راشیگەیاند:" ئەو کەسە بە هۆکاری تێپەڕبوونی نایاسایی لە سنورەکانی وڵاتی پاکستان لەو وڵاتە دەستگیر کراوە و لە ئێستادا ماوەی زیندانییەکەی تەواوکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کەیسی هاوڵاتییەکە دەکات و خەرجی هاتنەوە و دۆکیۆمێنتەکانی ئەو هاوڵاتییە لە ئەستۆ دەگرێت".
سەبارەت زانیارییە تاکەکانی ئەو هاوڵاتییە بەڕێوبەری پاسپۆڕتی سلێمانی رایگەیاند :" بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی لە زینداندا بەسەری بردووە کەسەکە باری دەروونی کەمێک تێکچووە، بەو هۆیەشەوە زانیارییەکان بە پچڕ پچر دەدات بە دەستەوە".
جەختیلەوەشکردەوە:" لە ئێستادا خانەوادەیەک لە سلێمانی پەیوەندیان پێوەکردوون کە کوڕکەیان هاوشێوەی ئەو هاوڵاتییە ماوەی بیست ساڵە چووەتە دەرەوەی وڵات و بێ سەر و شوێنە، چەند دۆکۆمێنت و وێنەیەکی ئەو خێزانەمان ناردووە بۆ باڵیۆزی عیراق لە وڵاتی پاکستان تاوەکو پیشاننی ئەو هاوڵاتییەی بدەن و گومانەکان بڕەوێننەوە لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەوە کوڕەکەی ئەوانە یاخود نا".
بەڕێوبەری پاسپۆڕت ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی باڵیۆزی عێراق دەکەین و لە پلانماندایە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ئەو خێزان و هاوڵاتییە رێکبخەین".